وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەیامی ئەوروپا دەگەیەنێتە ئێران

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەگاتە تاران و لەگەڵ رۆحانی کۆدەبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێک دەگاتە ئێران و لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران کۆدەبێتەوە، ئامانجیشی باسکردنی رێککەوتنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.

لە ساڵی 2018، ئەمەریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ئێران کشایەوە و دووبارە بەشێوەیەکی چڕوپڕتر، سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە.

تاکو ئێستا ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رێگریان لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران کردووە و دەیانەوێت رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت؛ بەجۆرێک، ئێران جارێکی دیکە دەستنەکاتەوە بە گەشەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی.

بۆ ئەم مەبەستەش، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سبەی دوو شەمممە 10/06/2019، هێکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەگاتە ئێران و هەوڵدەدات، تاران بە مانەوەی لە رێککەوتنەکە قایل بکات و هەڵوێستی ئەوروپا لەبارەی رێککەوتنەکەی ڤییەنای پێبدات.

لە سەرەتای مانگی رابردوو، ئێران 60 رۆژ مۆڵەتی دایە ئەوروپا، تاکو دژی سزاکانی ئەمەریکا هەنگاوی پێویست بنێت و رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بپارێزن، چەند جارێکیش، جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی داوەتە ئەوروپا، ئەگەر لە ماوەی ئەو 60 رۆژەدا داواکانیان جێبەجێنەکرێت، رێگای دیکە دەگرنەبەر.

جیا لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، بڕیارە رۆژی چوارشه‌ممه، شێنزۆ‌ ئابێ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ژاپۆن، به‌ سه‌ردانێكی دوو رۆژی بگاته تاران و له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی تۆكیۆ بۆ نێوه‌ندگیریكردن له‌ نێوان تاران و واشنتن، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی كۆببێته‌وه.

H.J