حەلبووسی: پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان دەکەین
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد
K24 – ههولێر:
محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پاڵپشتی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی رۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد کرد.
حەلبووسی لە مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند:"پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکەم و هەڵبژاردنی هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا".
راشیگەیاند: "ئێمە بەربەستمان لە پێشە و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی هەلێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەشێوەیەک هیچ کێشەیەک نەمێنێت، بۆ ئەمەش ئێمە پاڵپشتی دەکەین".
ئاماژەی بەوەشدا: "بەڕێز مەسعود بارزانی لە ماوەی نیو سەدەی رابردوو، هەوڵێکی زۆری بۆ بەدەستهێنانی مەفەکانی خەڵکی کوردستان داوە و بەردەوامی بە کاروانەکانی مەلا مەستەفا بارزانی دا".
محەمەد حەلبووسی راشیگەیاند :"ئێستا کوردستان بووەتە لایەنێکی بەهێز و دەتوانێت رکابەری وڵاتانی دراوسێ بکات".
ئەمڕۆ دووشەممە 10/06/2019، نێچیرڤان بارزانی، سوێندی یاسایی خوارد و بە سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.