سبەی سەرۆکی کابینەی نوێی حکوومەت رادەسپێردرێت

پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی حکوومەت کۆدەبێتەوە

K24 – هه‌ولێر:

سبەی سێشەممە 11/06/2019، مەسرور بارزانی، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ رادەسپێردرێت.

ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتای دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی ئەمڕۆ کە تایبەت بوو بە سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "سبەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستنیشانکردن و ناوزەندکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەت کۆدەبێتەوە".

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بە بەشداریی کەسایەتیی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە، وەک سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و بڕیاریشە سبەی مەسرور بارزانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رابسپێردرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی 30 رۆژ مۆڵەتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان هەیە.