مەلا بەختیار: كۆمەڵەیان كردە قوربانی رۆژگاری شكست‌ و سیاسەتی كورتبینانە

"ئەوانەی بەرپرسیارن لە ھەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە كەوتنە بەر پرسیارێتیەكی كارەساتباری حزبی"

K24 - ھەولێر

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە وتارێكدا لە ژێر ناوی (ئاوڕێكی خەفەتبار لەیادی 49 ساڵەی كۆمەڵەدا) كە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرادنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان نووسیویەتی رایدەگەیەنێت: "(30) ساڵە كۆمەڵەیان كردە قوربانی رۆژگاری شكست ‌و سیاسەتی كورتبینانە. مێژوونوسان، هەموو راستییەكان، دەخەنەوە خانەی راستەقینەی خۆی".

مەلا بەختیار دەڵێ: "كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، كە بە هەق رێكخراوێكی چەپی راستگۆی كۆڕی خەباتی سەختی كوردایەتی نوێ‌ بوو. ئێستا كە (30) ساڵە كۆمەڵەیان كردە قوربانی رۆژگاری شكست ‌و سیاسەتی كورتبینانە، جێی خۆیەتی بپرسین، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، لەدۆخی ئەنفال ‌و شكستدا، دەرنەكەوت، هەڵەیەكی ستراتیژی مێژوویی بوو؟".

ھەروەھا ئاماژەی بەوەداوە: "رووداوەكانی راپەڕین و كێشمەكێشەكانی ناو یەكێتی ‌و جیابوونەوە نەگونجاوەكان لەگەڵ دۆخی سەردەمدا، چارەنووسی چاوەڕوان نەكراوی ئێستای یەكێتی، هەمووی دەریانخست كورتبینی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵە، هەموو ئەوانەی بەرپرسیاری ئەو بڕیارەن، كەوتنە بەر پرسیارێتیەكی كارەساتباری حزبی. دڵنیاشم مێژوو وەكو خۆی ئەو بەرپرسیارێتییە دەخاتە ئەستۆی سیاسەتی كورتبینیان".

مەلا بەختیار، لەو وتارەدا نووسیویەتی: "تێكۆشەرانی كۆمەڵە كە بە خەباتی شۆڕشگێڕانە یەكێتیان گەیاندە لوتكەی سەركەوتن، بەڵام مێژوویان فەرامۆشكرا. بەدڵنییاییەوە، مێژوونوسان، هەموو راستییەكان، دەخەنەوە خانەی راستەقینەی خۆی. ئەوكاتە راستییە مێژوییە چەواشە كراوەكان دەردەكەوون".

ھ.م