سەرۆک بارزانی: بۆ کوردستانێکی گەشەسەندووتر و سەرکەوتووتر پشتگیریی مەسرور بارزانی دەکەم

سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی بە بۆنەی وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان و ناوزەدکردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسرور بارزانی کرد.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە هاتووە: "دڵخۆشم بەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی نوێی حکوومەت هەرێمی کوردستان هەڵبژارد".

لە درێژەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە: "هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم و بە تەواوی پشتگیری بۆ هێنانەدی هەرێمی کوردستانێکی گەشەسەندووتر و سەرکەوتووتر دەکەم".

ئەمڕۆ سێشەممە 11/06/2019، به‌ 87 ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌ كۆی 97 ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌شدار بوو، مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ناوزه‌د كرا و هەر ئەمڕۆ، نووسراوی ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م، بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌.

‌H.J