ئه‌مەریكا به‌ ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی خۆشحاڵه‌

جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران پەیامێك بەو بۆنەیەوە بڵاو دەكاتەوە

K24 - ھەولێر

ئه‌مەریكا خۆشحاڵه‌ به‌ ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌ندرو پیك، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ كاروباری عێراق و ئێران له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر، تویتێكی له‌ باره‌ی ناوزه‌دكردنی مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ نووسیوه‌ و تێیدا خۆشحاڵیی خۆی به‌و هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕیووه‌.

ئه‌ندرو پیك له‌ تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی "رۆژێكی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ چاوه‌ڕێم كار له‌گه‌ڵ هاوڕێم مه‌سرور بارزانی بكه‌م".

لە لایەكی دیكەوه‌ بەلجیکا هاوبەشیی و پاڵپشتیی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

هێندریک ڤان دی ڤێلدێ، باڵیۆزی بەلجیکا لە ئوردن و عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی "بەلجیکا هاوبەشێکی راستەقینەی ئەجێنداکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی دەبێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەلجیکا پشتیوان و هەماهەنگکاری هەولێر دەبێت.

ڤان دی ڤێڵدی، لە درێژەی تویتەکەیدا، هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی و کابینەکەی بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر خواست.

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 11/6/2019، په‌رله‌مانی كوردستان كۆ بووه‌وه‌ و فراكسیۆنی پارتی وەك براوەی یەكەم لە ھەڵبژاردنی پەرلەمان، مەسرور بارزانی وەك كاندید بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و بە زۆرینەی دەنگ ناوزه‌د كرا.