ھەركەسێك ئۆتۆمبێلی چاككراو و لێدراو بێنێتە كوردستان سزا دەدرێت

بڕی سزاكە دیار دەكرێت

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەخەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و چاككراوی دا، بڕیاریش دراوە ھەركەسێك ئۆتۆمبێلی لێدراو بێنێتە كوردستان، بە 50 ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

بە گوێرەی نووسراوێكی كۆمەڵگەی گومرگیی باشماخ، وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داوە، كە لەم دواییه‌ چەند رێكارێك لە دەروازە سنوورییەكان جێبەجێ بكرێن.

وەك لەو نووسراوەدا ھاتووە: "وەرگرتنی بەڵێننامە لە كۆمپانیاكانی ھێنانی ئۆتۆمبێل، بۆ ئەو كەسانەی كە مۆڵەتی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلیان ھەیە و سزادانیان بە بڕی 50 ملیۆن دینار، بۆ ھەركەسێك كە ئۆتۆمبێلێك ھاوردە بكات، كە دەركەوت ژێرئاو كەوتووە، یان چاككراوەتەوە، یان لێی دراوە".

روون كراوەتەوە: "بەستنەوەی سەرجەم كۆمپانیاكانی كوالێتیی كۆنتڕۆڵ لە دەروازە سنوورییەكان بەیەكەوە بە شێوەیەكی ئەلیكتڕۆنی، بۆ ئاڵوگۆڕیی داتاكان بۆ ھەموو كەرەستەكان لە بەرواری 30/6/2019. ھەروەھا كار بە ھیچ رێنمایەك ناكرێت سه‌باره‌ت بە ئۆتۆمبێلی لێدراو، یان ژێر ئاو كەوتوو و چاككراو، دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە".

ھ.م