ژاپۆن هۆشداریی ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ ده‌دات

سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن داوایەک لە واشنتن و تاران دەکات

K24 – هه‌ولێر:

ژاپۆن هۆشداریی لە هەڵگیرسانی شەڕ ده‌دات و داواش له‌ ئێران ده‌كات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، رۆڵێكی کارا و ئه‌رێنی بگێڕێت.

ژینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریی دا، كه‌ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکە لە ئارادایە و داوای کرد ئێران بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، رۆڵی کارا بگێڕێت.

ئابێ راشیگەیاند: "سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەموو دونیا گرنگە و ئێران دەبێ لەم بوارەدا رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێ".

لە بەرامبەردا سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستپێشخەری شەڕ نابێت، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر، ئەوا بە توندی وه‌ڵام دەداتەوە.

ئێران دەیەوێ بەر لە هەر دانوستانێک گەمارۆ ئابوورییەکان، یان هەڵبگیرێن یاخود سووکتر بکرێن، بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی پشوویەکی بێتەوە بەر، ئەم پەیامەشی لە رێگای سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنەوە بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا نارد.

 BBC

H.J