ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی له‌ناو ئۆتۆمبێلی حكوومیدا له كه‌ركووك ده‌ستدرێژی كرده‌سه‌ر كچێك ده‌ستگیركرا
له ده‌ستگیرانی كچه‌كه‌ی داوه و كچه‌كه‌ی رفاندووه و له‌ناو ئۆتۆمبێلی حكوومیدا ده‌ستدرێژیی كردووه‌ته سه‌ری
K24 - هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری ناوخۆ و ئاسایشی عێراق له كه‌ركووك رایگه‌یاند: "ئه‌و تۆمه‌تباره‌یان ده‌ستگیركردووه كه كچێكی رفاندووه و له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی حكوومیی كه‌ركووكدا ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ری".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی تۆمه‌تباره‌كه‌دا نوسیوویه‌تی: "زانیاریمان پێگه‌یشت كه تۆمه‌تبارێك به‌ناوی (ع.أ.م )، كچێكی به‌ناوی (ش.ج.س) رفاندووه و له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی حكوومی جۆری نیسان پاترۆل ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ر".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌كراوه كه "تیمێكی كار پێكهێنراوه و ئه‌و ئه‌فسه‌ره تۆمه‌تباره ده‌ستگیركراوه و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبێله‌شدا گیراوه كه كاره‌كه‌ی پێ ئه‌نجامداوه، به‌گوێره‌ی مادده‌ی 396 له یاسای سزادانی عێراقی، تۆمه‌تباره‌كه راگیراوه".
پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی به‌رپرس رایگه‌یاندبوو، ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوان له كه‌ركووك، پۆسته‌كه‌ی به‌كارهێناوه و ئه‌و كچه‌ی رفاندووه كه له دایكبووی ساڵی 1988 و ده‌ستدرێژی كردووه‌ته سه‌ری".
سه‌رچاوه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و ئه‌فسه‌ره كه پله‌ی رائیده له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوان، كچه‌كه‌ی ناچار كردووه سواری ئۆتۆمبێله‌كه ببێت كه تابلۆی حكوومی پێوه‌بووه و به كچه‌كه‌ی گوتووه له پۆلیسی ئاداب كار ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی له ده‌ستگیرانی كچه‌كه‌ی داوه و له‌سه‌ر زه‌وی خستوویه‌تی، كچه‌كه‌ی رفاندووه و له سه‌یاره‌كه‌دا ده‌ستدرێژیی كردووه‌ته سه‌ری.