ماكرۆن بۆ نێچیرڤان بارزانی: ده‌توانن پشت به‌ فه‌ره‌نسا ببه‌ستن

خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا نامه‌یه‌كی پیرۆزبایی بۆ  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نارد و تێیدا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ نامه‌يه‌كدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لێ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌یدا بۆ خواست و پشتگیریی فه‌ڕه‌نسايشى بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌و نامه‌یه‌دا ماكرۆن نووسیوویه‌تی: "دەستبەكاربوونتان قوناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق، كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەوایيی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاريه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان، كە فەرەنسا پشتگیریی تەواوی لێ دەكات".

له‌ درێژه‌ی نامه‌كه‌دا ماكرۆن رایگه‌یاندووه‌، فەرەنسا و كوردستانی عێراق لە رێگای پەیوەندیی مێژوویييه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون، جەنگی هاوبەشی دژی داعشیش ئەم پەیوەندییانەی پتەوتر كرد و ده‌ڵێت: "دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسگوزاریی خۆم بە ئێوە رابگەیه‌نم بۆ ئەو هەموو قوربانیانەی لەلایەن پێشمەرگەوە بەخشراون، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە بێ‌ وێنەیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بۆ پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لە دەستی بەربەرییەتی جیهادییەكان رایان كرد. ئێوە ئاگاداری پابه‌نديى ئێمەن سەبارەت بە ئاواتی كورد لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوو، فیدڕاڵ و دیموكراتدا. بە ناوی ئەم پەیوەندییە تایبەتەوە بوو، كە فەرەنسا بەشداریی لە هاندانی چارەسەركردنی ئەو قەیرانەی دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی دروست بوون، كرد. ئەمڕۆ، ئێمە خۆشحاڵین بە قوڵبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها ئەو رێككەوتنانەی لە سایەی ئەم دینامیكییتەوە كراون لە بەرژه‌وەندیی ئاسایش و سەقامگیریی و گەشەسەندنی هەموو عیراقدا".

له‌ كۆتایی نامه‌كه‌دا ماكرۆن هیوای خواست بتوانن پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بدەن، بەتایبەتیش لەو بوارانەی كە خەڵك لە یەكتری نزیك دەكەنەوە: لە بوارەكانی ئابووری، كولتووری، پەروەردەیی و دووپاتیشی كرده‌وه‌، كوردستان ده‌توانێت لەو چوارچێوەیەدا پشت بە دەسەڵاتدارانی فەرەنسی ببەستێت.