مەسرور بارزانی دانوستان لەگەڵ لایەنەكان دەستپێدەكات

گفتوگۆكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەست پێدەكەن

K24 - ھەولێر

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دانوستان لەگەڵ لایەنەكان دەست پێدەكات، لە یەكەم سەردانیشیدا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەك لە نووسینگەی مەسرور بارزانی بە کوردستان24ی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو به‌ یاوه‌ری شاندێك دەست بە سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە کابینەی نوێ دەکات، بە سەردانیکردنی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەك براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ساڵی 2018، دەست بەو هەنگاوە دەکات.

مه‌سرور بارزانی، رۆژی 11ی حوزه‌یرانی 2019 رابردوو، له‌لایه‌ن فراكسیۆنی پارتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م ناوزه‌د كرا و دواتریش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا، رۆژی 12ی حوزه‌یرانیش به‌ مه‌رسوومی هه‌رێمی له‌ رێوڕه‌سمێكدا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ راسپێردرا.