"پارتی و یەكێتی میكانزمێك بۆ دانانی پارێزگاری كەركووك دیاری دەكەن"
گوتەبێژی پارتی: ھەموو بابەتەكان لێك جیا كراونەتەوە
K24 - ھەولێر
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و ئهندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاشكرا كرد و ئاماژەی بەوەش كرد، كه پارتی و یەكێتی بۆ چارەسەر، بابەتەكانیان لێك جیا كردووەتەوە و میكانزمێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك دیاری كراوە و بابەتەكە لەدەست سەرۆك بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ دەبێت.
مەحموود محەممەد، روونی كردەوە: "ھەموو بابەتەكان لێك جیاكراونەتەوە و دانانی پارێزگار پەیوەندیی بە پێكھێنانی حكوومەتەوە نییە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دانانی پارێزگارێك بۆ شارەكە لەدەست سەرۆك مەسعود بارزانی و كاك كۆسرەت دەبێت".
گوتەبێژی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، كه لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی، گفتوگۆ لە بارەی دانوستانەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كراوە و لە چەند رۆژی داھاتوودا مەسرور بارزانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و لایەنەكانی دیكە، كە بەشداریی لە حكوومەت دەكەن، كۆ دەبێتەوە.
گوتیشی: "ئومێد دەكەین لە ماوەی 10 رۆژدا كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێك بێنین".
ھ.م