تەرمی منداڵە چه‌مچه‌ماڵییه‌كه‌ له‌ باڵه‌كایه‌تی دۆزرایەوە

لەكاتی گەشتكردن لەگەڵ خێزانەكەیدا كەوتە ناو رووبار

K24 - چۆمان

چەند رۆژێك لەمەوبەر منداڵێكی تەمەن چوار ساڵ، كە خێزانەكەیان بۆ گەشتوگوزار روویان كردبووە دەڤەری باڵەكایەتی، لە گەلی سەكران كەوتە ناو رووبار و ئەمڕۆ تەرمەكەی دۆزرایەوە.

تەیفور محەممەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "تەرمی ئارام هێمن، ئەو منداڵە چوارساڵانەیه‌ی، كە هەینیی رابردوو لە کاتی گەشتیان بۆ گەلی سەکرانی دەڤەری باڵەکایەتی کەوتبووە ناو رووبار، ئەمڕۆ دۆزرایەوە".

گوتیشی: "ئەو منداڵە لە خێزانێکی چەمچەماڵییە و هەینیی رابردوو بۆ گەشت هاتبوونە ناوچەکە و دوای کەوتنە رووبار، باوکیشی دووچاری نۆرەی دڵ (جەڵتەی دڵ) بوو و گواسترایەوە نەخۆشخانە، لە گەڕانەوەشیاندا بۆ چەمچەماڵ، ماڵباتی ئەو منداڵە لە سنووری رانیە تووشی رووداوی هاتووچۆش بوون".

عیماد رێکانی، عەمیدی مافپەروەر بە کوردستان24ی راگەیاند: "تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران و چۆمان، دوای چوار رۆژ گەڕانی چڕ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی منداڵەکەیان دۆزیەوە".

ھ.م