وته‌بێژی پارتی: دانانی پارێزگاری كه‌ركووك ده‌بێت به‌ رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی بێت

"ناكرێت ته‌نیا لایه‌نێك بڕیار له‌سه‌ر داهاتووی پارێزگای كه‌ركووك بدات"

K24- هه‌ولێر:

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 رایگەیاند، دانانی پارێزگاری کەرکووك لە رابردوودا بە رێککەتنی پارتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، بۆیە ئێستاش پێویستە دانانی پارێزگار بە رێککەوتن بێت.

گوته‌بێژی پارتی گوتیشی، کەرکووك شاری تەواوی لایەنەکانە، نەوەك تەنیا حزبێك.

ئاماژەی بەوەشدا، ناکرێت لایەنێك ئەگەر دەنگی زیاتری لە پارێزگای کەرکووك هێنابێت واهەست بکات، پارێزگاکە تەنیا هی ئەوە و دەبێت تەنیا ئەوان بڕیار لە داهاتووی ئەو پارێزگایە بدەن.

له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش، گوته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەندێك لایەن لە عێراق کار بۆ شکستپێهێنانی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن.

گوتیشی: گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی عێراق و سیاسەتی کوتلەکان هەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، حکوومەتی عێراق دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

H.B