پارتی مه‌رجی بۆ ئه‌ندامه‌كانی هه‌یه‌ بۆ پێدانی پۆست له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت

دڵسۆزی و شارەزایی دەكاتە پێوەر

K24- هه‌ولێر:

ھەنگاوەكانی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە. پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایی دەكات كە لیژنەیەكی باڵا لە مەكتەبی سیاسی وردبینی بۆ سەرجەم سیڤییەكان كردووە، گوتەبێژی پارتی دەڵێت: پێوەری سەرەكی بۆ ئەو كەسەی لە حزبەكەیان پۆست وەردەگرێت، دەبێت دڵسۆز و شارەزا بێت بۆ ئەوەی ئەركی خۆی بە سەركەوتوویی بەجێ بگەیەنێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ مه‌حموود محه‌مه‌د، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەوە دەکات، لیژنەکە پاڵاوتنی بۆ سەرجەم سیڤیەکان کردووە. سەرۆك بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، دوا بریار لەسەر ئەوە دەدەن، لە کابینەی نۆیەم کێ وەزیر یان بریکاری وەزیر یاخود راوێژکار دەبێت، لەسەر پێوەری شارەزایی، دڵسۆزی و ناوچەی جوگرافی، بەرکەوتەکانی لە کابینەی نۆیەم پردەکاتەوە.

له‌كاتێكیشدا پلانی پارتی ئەوەیە، لە ماوەی ٧ تا ١٠ رۆژی دیکە، کابینەکەی مەسروور بارزانی لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، بە فەرمیش داوا لە لایەنەکانی دیکەی پێکھێنەری کابینەکە دەکەن، ھاوکاری سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بن، وەك گوتەبێژی حیزبەکەش دەڵێت: ھیواخوازین گرفت نەیەتە بەردەم دوا قۆناخی پێکھێنانی کابینەی تازە، بەڵام ئەگەر ھەشبێت ئەوان بۆ لابردنی بەربەستەکان پاڵپشتی مەسرور بارزانی دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، وەکو براوەی یەکەم پێش لایەنەکانی ديكه‌ گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەکەی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی پارتی دەستپێکرد، چونکە مەبەستیەتی هه‌رچی زووه‌ ناو و سیڤی کاندیدی حیزبە پێکھێنەرەکانی حکوومەت وەربگرێت و پێش یەکی تەمووز کابینەکەی لە پەرلەمان متمانە وەرگرێت و خۆی و وەزیرەکانی كابینه‌كه‌ی لە بەردەم پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی بخۆن.

H.B