دیمه‌شق: توركیا رێزی دراوسێیه‌تی ناگرێت
ئه‌گه‌ر حیكمه‌تی سیاسی هه‌بووایه، سه‌یری داهاتووی ده‌كرد
K24 – هه‌ولێر:
نوێنه‌ری سووریا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌شار جه‌عفه‌ری رایگه‌یاند، "رژێمی توركیا رێز له دراوسێیه‌تی ناگرێت" و گوتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و رژێمه حیكمه‌تی سیاسی هه‌بووایه، سه‌یری داهاتووی ده‌كرد".
دوێنێ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له باره‌ی ره‌وشی ئیدلب كۆبوه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌ری سووریا گوتی: "ئێمه و توركیا ده‌مێنینه‌وه. له ناوچه‌كه‌دا به هۆی ئه‌و مێژوو و جوگرافیایه‌ی هه‌مانه".
سه‌باره‌ت به ئیدلبیش گوتی: "كێشه‌یه‌ك له ئیدلب هه‌یه. پێویسته مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. به‌ڵام باسی هۆكاری كێشه‌كه ناكرێت، كه به‌رده‌وامبوونی رژێمی توركی و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌تی له هاوكاریكردنی گرووپه تیرۆریستییه‌كان. هه‌روه‌ها خۆدزینه‌وه‌ی توركیایه له‌و پابه‌ندییانه‌ی به هۆی رێككه‌وتنی درووستبوونی ناوچه ئارامه‌كان و تێگه‌یشتنه‌كانی ئه‌ستانه و سوچی دیاریكراوون".
روونیشیكرده‌وه، "به‌و هۆیه‌وه، به‌ره‌ی نووسره‌ی تیرۆریست كه هه‌زاران تیرۆریستی بیانی له ریزهكانیدان، توانی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر ئیدلب و ده‌وروبه‌ریدا و سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كار بهێنێت و دڕندانه‌ترین تاوانی مرۆیی ئه‌نجام بدات و شوێنه گشتیی و خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان بكاته زیندان بۆ ئه‌شكه‌نجه‌دان و زیندانیكردنی هاووڵاتیان و ئه‌وانه‌ی فیكری ته‌كفیری و توندڕه‌وانه‌ی ئه‌و په‌سند ناكه‌ن".
سه‌رچاوه: روسیاالیوم
ئ.ر