نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان كۆده‌بێته‌وه‌

دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، نێچیرڤان بارزانی یه‌كه‌م سه‌ردانی بۆ توركیا ئه‌نجامدا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته‌ كۆشكی كۆماری توركیا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كۆده‌بێته‌وه‌. 

له‌ به‌رایی سه‌ردانه‌كه‌دا، ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ره‌سمی توركیا ئه‌نادۆڵ، راپۆرتێكی شیكاری سه‌باره‌ت به‌ گرنگی سه‌ردانه‌كه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: پسپۆڕان وای بۆ ده‌چن کە ده‌ستبه‌كاربوونی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر له‌ بواری ئابووری، سیاسیی و ئه‌منی.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: رێكخه‌ری كاروباری عێراق له‌ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بیلگای دومان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ به‌ هۆی كاریگه‌ری سیاسه‌تی توركیا له‌ باره‌ی عێراقه‌وه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا گفتوگۆكانی ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێر گه‌شه‌یان كردووه‌.

بیلگای دومان به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ توركیا هه‌ولێر و به‌غدا وه‌ك به‌دیلی یه‌كتر نابینێت، گوتی: "هه‌ردووكیان ته‌واوكاری یه‌كترن، نه‌ك به‌دیلی یه‌كتر بن. بۆیه‌ گه‌شه‌سه‌ندنی دیالۆگی ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان گرنگه‌".

ئەو باسی له‌وه‌ كرد کە سه‌قامیگری دینامیكی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ سیاسه‌تی توركیا گرنگه‌ و هه‌ڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ هه‌یه‌ وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی بۆ توركیا له‌قه‌ڵه‌م دا.

رێكخه‌ری كاروباری عێراق له‌ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بیلگای دومان له‌باره‌ی ده‌ستنیشانكردنی مه‌سرور بارزانی-ش بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ گوتی: "پێشخستنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی كه‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پێكده‌هێنێت له ‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گرنگه‌".‌

بیلگای دومان ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ له‌نێو نوێنه‌رانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌شدارییان له‌ رێوڕه‌سمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی-دا كرد توركیا له‌ به‌رزترین ئاستدا و له‌ ئاستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌دا به‌شداری له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كرد و گوتی: "به‌شداریكردنی مه‌ولود چاوشئۆغڵو له‌ رێوڕه‌سمی سوێند خواردنی نێچیرڤان بارزانی-دا ده‌رخه‌ری متمانه‌ی توركیایه‌ به‌ نێچیرڤان بارزانی و پشتیوانی پرۆسه‌ی سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان".

رێكخه‌ری كاروباری عێراق له‌ ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گۆڕانی ئەوتۆی لە پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدادا نەهێناوەتە ئاراوە و دووپاتیکردەوە کە هەولێر خاوەنی پێگەی خۆیەتی لە بەغدا.

بیلگای دومان رایگەیاند، کە گرنگە هەولێر لە قۆناغی نوێدا زیاتر ئاگاداری پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ بەغدا و گوتی: "لە پرسەکانی کەرکووک، ناوچە کێشەلەسەرەکان، فرۆشتنی نەوت، پەیوەندییە بازرگانییەکان، هەڵوێستی هەولێر لەگەڵ بەغدا گرنگە. نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەغدا و هەرێمیشدا هەڵوێستی ئەرێنی دەنوێنێت".

لێکۆڵەری سیاسەتی دەرەوە لە دەزگای لێکۆڵینەوەی (SETA)، جان ئاجون ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧دا لە لایەن هەولێرەوە پەیوەندییەکانی گرژ کرد، بەڵام بە هۆی ئەو هەنگاوانەی بەم دواییە هەولێر ناوێتی، هاوکات لە رێی سەردانەکانی چاوشئۆغڵووەوە پەیوەندییەکان ئاسایی بوونەتەوە. 

جان ئاجون ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی هەڵبژێردراو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەکرد و گوتی: "هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکی هەرێم پێشهاتێکی ئەرێنی بوو".

لێکۆڵەری سیاسەتی دەرەوە لە دەزگای لێکۆڵینەوەی (SETA)، جان ئاجون راشیگەیاند، کە تورکیاش لە رووی ئاسایشی خستنەڕووی وزەوە گرنگی دەدات بە هەرێمی کورستان و دوای سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا لە لایەن ئەمه‌ریکاوە، هاوکات تورکیا ئەو نەوتەی لە ئێرانی دەکڕێت، هەوڵ هەیە لە عێراقەوە پەیدای بکات.

جان ئاجون باس لەوە دەکات کە نێچیرڤان بارزانی لەبارەی گواستنەوەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا زیاتر هەوڵ دەدات.