هه‌رێمی كوردستان.. له چه‌ند رووداوێكی جیادا 3 گه‌نج خنكان
له یه‌ك هه‌فته‌دا هه‌شت حاڵه‌تی خنكان تۆماركراوه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ 3 حاڵه‌تی خنكان له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون، كه یه‌كێكیان له هه‌ڵه‌بجه، یه‌كێكی دیكه له قه‌ره‌داغ و ئه‌وی دیكه‌ش له زاخۆ خنكا.
خابووری زاخۆ
کاتژمێر 4ی ئێوارەی ئه‌مڕۆ گه‌نجێك بەناوی (مێھڤان ئاڤدەل ساڵح)، لە دایکبووی ساڵی 1993 كه خه‌ڵكی زاخۆیە و قوتابی کۆلیژی پولیسی ھەولێرە لە گوندى (جەمسيرمو) لە ناو رووباری خابوور لە زاخۆ خنکا.
ئەڤیندار عزەت، بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی زاخۆ بە کوردستان24 راگەیاند ئه‌و گه‌نجه له‌گه‌ڵ ھاوڕێیانی بە مەبەستی مەلەکردن چوونەتە سەر رووباری خابوور لەو گوندە و دوای ئەوەی خۆی خستووه‌تە ئاوەکەوە بەھویی شارەزا نەبوونی لە مەلەکردن، ژێر ئاو کەوتووەو خنکاوە.
ئەو ھاوریانەی کە لە گەڵیشیدابوون ھەوڵیانداوە، رزگارى بکەن، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ئاوەکە و نەبوونی شارەزاییەکی باش لە مەلەکردن، نەیانتوانیوە ھاوڕێکەیان رزگاربکەن.
ناوبراو گوتیشی: " تیمی غه‌واسی بەرگری شارستانی زاخۆ بەدوای تەرمەکەیدا دەگەڕێن، به‌ڵام ھێشتا نه‌دۆزراوه‌ته‌وه".

گه‌نجێك له‌سه‌یرانگای قه‌ره‌داغ خنكا
هه‌ر ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 21ی حوزه‌یران، گه‌نجێك له‌حه‌وزێكی ئاودا له‌سه‌يرانگای قۆپی قه‌ره‌داغ خنكا و له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی به‌شی پۆلیسی قه‌ره‌داغه‌وه ته‌رمی گه‌نجه‌كه ده‌رهێنرایه‌وه و هاوكات لێكۆڵینه‌وه‌كان له رووداوه‌كه ده‌ستیپێكردووه.
گه‌نجه‌كه ناوی (هـ، م)و ته‌مه‌نی 20 ساڵه و خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی به‌مه‌به‌ستی گه‌شتكردن روویان له‌و ناوچه‌یه كردووه، دواتر كه‌وتووه‌ته حه‌وزێكی ئاوه‌وه‌و خنكاوه.
پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند، دوای ئاگادار كردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پۆلیس، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی به‌شی پۆلیسی قه‌ره‌داغه‌وه ته‌رمی گه‌نجه‌كه ده‌رهێنرایه‌وه‌و ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی كرا، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری پشكنین‌و توێكاریی.
هه‌روه‌ها په‌راوی لێكۆڵینه‌وه بۆ روداوه‌كه كرایه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌روداوه‌كه به‌رده‌وامه.
خنكانی گه‌نجێك له هه‌ڵه‌بجه
له رووداوێكی جیاوازدا، له هه‌ڵه‌بجه گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 18 ساڵ، پیشه كاسب، له هه‌ڵه‌بجه خنكا.
عەمید محەمەد عەبدی، بەڕێوبەری پۆلیسی شارەزوور راگەیاند، ئەمڕۆ گەنجێک بەناوی (هاوکار ساڵح سڵێمان) تەمەنی 18 ساڵ، كه خەڵکی هەڵەبجەی تازەیە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووبوون بۆ مەلەکردن لەئاوی تانجەڕۆ لە سنووری شارەزور.
عەمید محەمەد عەبدی، گوتیشی: "بە وتەی هاوڕێكانی دوای ماوەیەك گەنجەكە دیارنەماوە، چونكە مەلەی نەزانیوە و دواتر تەرمەكەی لە ئاوی تانجەڕۆ لەنزیک گوندی تەپی کەرەم بە خنكاوی دۆزراوەتەوە".
دەشڵێت؛ "تەرمی گەنجەکە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی شەهید ڕەوف بەگە لە هەڵەبجە و چەند هاوڕێیەکی گەنجە خنکاوەکەش بەمەبەستی لێکۆڵینەوەبۆ زانینی ڕاستی ڕوداوەکە راگیراون".
ئاماره‌كان
ته‌نها ئه‌مڕۆ سێ حاڵه‌تی خنكان له هه‌رێمی كوردستان تۆماركراون و به‌مه‌ش له‌ماوه‌ی ته‌نها ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، هه‌شته‌م حاڵه‌تی خه‌نكانه له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان تۆمار ده‌كرێت.
ئ. م