ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا نەخشەرێگەی پرۆسەی ئاشتی و پەکەکە تاوتوێ دەکات

بڕیارە سبەی چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە کۆببێتەوە، کە تێیدا نەخشەرێگەی پرۆسەی ئاشتی و دۆسیەی دانانی چەکی پەکەکە تەوەری سەرەکی دەبن.

بەپێی راپۆرتی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا بە شێوەیەکی فراوان هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکرێت و وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕاپۆرت و زانیاریی پێویست پێشکەشی ئەنجوومەنەکە دەکەن.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە ئاشکراکردنی نەخشەڕێگەی پرۆسەی ئاشتی؛ لەو چوارچێوەیەشدا "یاسای چوارچێوە" کە پێشتر لە پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسەند کرابوو، بۆ کەوتنە بواری جێبەجێکردن و دەستپێکردنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیایە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش لەم کۆبوونەوەیەدا بگاتە ئەو بڕیارەی کە پەکەکە دەستی بە پرۆسەی چەکدانان کردووە، ئەوا یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە قۆناغی یەکەمدا چەند گرووپێک لە قەندیل و ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.