مەسرور بارزانی لەگەڵ پێکهاتەکانی کوردستان کۆدەبێتەوە
پێکهێنانی حکوومەت و کاندیدانی پۆستە وزارییەکان تاوتوێ دەکات
K24 – ههولێر:
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ 22/06/2019 مەسرور بارزانی لە شاری هەولێر لەگەڵ پێکهاتەکان کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەکە گوتیشی: "مەسرور بارزانی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەگەڵ چەند لایەنێکی تورکمانی کۆدەبێتەوە و دواتر لەگەڵ بەرەی تورکمانی کۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن و شاندێکی ئەو حزبە کۆدەبێتەوە".
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی ئاشووری و دواتر لەگەڵ ئەنجوومەنی گەلی کلدانی ئاشووری کۆدەبێتەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیشی، بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی سیڤی کاندیدان دەبێت بۆ پۆستە وزارییەکان.
رۆژی 17/06/2019، مەسرور بارزانی، لەشاری سلێمانی بە جیا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریشە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
H.J