ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان لەلایەن شارەوانیی هەولێرەوە بەردەوامە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ خاوێنکردنەوە و فراوانکردنی کەند و رێڕەوە سروشتییەکانی ئاو دەستپێکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویکردەوە، بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو لە کاتی بارانباریندا، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی چوار، دەستیان بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی فراوان کرد بۆ خاوێنکردنەوە، قووڵکردنەوە و فراوانکردنی کەند و ڕێڕەوەکانی ئاوی سروشتی.

بەپێی زانیارییەکان، هەڵمەتەکە رێڕەوە ئاوییەکانی نێوان (پێنجی حەسارۆک و هەشتی حەسارۆک) و هاوکات ناوچەی (گەڕەسۆر) لە نێوان شاری زەیتوونە و کەرتی هەشت هەزاری فەرمانبەرانی گرتووەتەوە.

ئەم هەنگاوەی شارەوانیی هەولێر هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و دەستپێکردنی وەرزی بارانبارین، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، رێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ و دوورخستنەوەی هەر زیانێکی مادی لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە.

هاوکات هەر دەربارەی ئامادەکارییەکان بۆ رێگریکردن لە لافاو، رۆژی پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند ساڵی رابردوودا و لەسەر بڕیار و راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دروستکردنی 30 پۆند لە سنووری هەولێر و لە ئێستاشدا بەشی هەرە زۆریان تەواو بوون، ئەمەش فاکتەری سەرەکی بووە بۆ پاراستنی هەولێر و ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە "لە ساڵانی رابردوودا لە 50 بۆ 60 شوێن لافاو دروست دەبوو، بەڵام بەهۆی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە لە ئێستادا تەنیا لە 5 بۆ 6 شوێن گرفت ماوە، هەروەها ژمارەیەک پڕۆژەی بچووکیش لە گەڕەک و کۆڵانەکان لە قۆناغی جێبەجێکردندان کە بە تەواوبوونیان مەترسییەکانی لافاو بە تەواوی چارەسەر دەبن."