مەسرور بارزانی و 9 پارتی تورکمانی کۆبوونەوە
مەسرور بارزانی لەگەڵ پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
K24 – ههولێر:
مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ 9 لایەنی تورکمانی کۆبووەوە.
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و شاندی یاوەریی کە لە هێمن ههورامی، دڵشاد شههاب، شهعبان شهعبان چالی، ئومێد خۆشناو و فرسهت سۆفی پێکهاتوون، لەگەڵ 9 لایەنی تورکمانی کە خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانین کۆتایی هات و لە ئێستاشدا، مەسرور بارزانی و شاندەکە، لەگەڵ بەرەی تورکمانی کە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمانین لە کۆبوونەوەدان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، سەرەڕای ئەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان (سکرتێری پەرلەمان) دراوە بە لایەنە تورکمانەکان، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەو لایەنانە داوای پۆستی نوێ لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەگەڵ هاوپەیمانی نەتەوەیی کریستیانەکان کە خاوەنی سێ کورسی پەرلەمانین کۆ دەبێتەوە.
لە کۆتایی کاروانی کۆبوونەوەکانی، مەسرور بارزانی لەگەڵ هەر یەک لە پارتەکانی بزووتنەوەی ئاشووری و ئەنجوومەنی گەلی کلدانی کۆدەبێتەوە.
رۆژی 17/06/2019، مەسرور بارزانی، لەشاری سلێمانی بە جیا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریشە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
H.J