مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرەی توركمانی كۆدەبێتەوە
مەسرور بارزانی پێكھێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ پێكھاتەكان تاوتوێ دەكات
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گەیشتە مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و كۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و بەرەی توركمانی بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێ دەستیپێكرد.
ئایدن مەعروف، سەرۆكی بەرەی توركمانی بە كوردستان24ی گوت: "وەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی پێشوازی لە مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین".
گوتیشی: "پاڵپشتی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین. دەمانەوێت بەشداربین لە پۆستە وزارییەكان و لە ئەنجوومەنی وەزیران بوونمان ھەبێت".
ھەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، لەگەڵ 9 لایەنی تورکمانی كۆبووەوە و تاوتوێی پێكھێنانی كابینەی نوێ و بەشداری پێكھاتەكانیان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كرد.