پێكهاته‌كانی كوردستان له‌ كابینه‌ی نوێدا به‌شدار ده‌بن

مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كوردستان پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی تاوتوێ كرد

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22/6/2019، مه‌سرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژێكی پڕ له‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان به‌ڕێكرد.

كاتژمێر 11:00 پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو، به‌ مه‌به‌ستی به‌شدارییكردن له‌ كابینه‌ی نوێ، له‌گه‌ڵ 9 پارتی توركمانی كۆبووه‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی 4 كورسی پشكی پێكهاته‌ی توركمانن له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، هاوكات جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌و پارته‌ توركمانیانه‌ دانراوه‌ و بڕیاره‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌میشدا به‌ وه‌زیرێك به‌شداریی بكه‌ن.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەكه‌، ئەندامێکی شاندی لایەنە تورکمانەکان، داواکانیان بۆ کابینەی داهاتووی حکوومەت ئاشکراكرد.

محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی کە خاوەنی دوو کورسی پەرلەمانیین، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پاکێجێکی یەکگرتوومان پێشکەش بە مەسرور بارزانی کردووە و بەڕێزیان بە ئەرێنیی وەڵامی داینەوە".

راشیگەیاند: "داوامانکردووە راوێژکار، بریکاری وەزیر و چه‌ند پۆستێكی جیاوازمان پێبدرێت، هەروەها لە نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستانیش، نوێنەرمان هەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "پشتگیری لە کابینەی داهاتووی حکوومەت هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دەکەین".

دواتر مه‌سرور بارزانی، له‌گه‌ڵ‌ به‌ره‌ی توركمانی گفتوگۆی كرد كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كورسییه‌كیان هه‌یه‌.

ئایدن مه‌عروف، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی توركمانی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندی حزبه‌كه‌ی ده‌كرد له‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو، بە كوردستان24ـی گوت: "وەك ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی پێشوازی لە مەسرور بارزانی دەكەین".

گوتیشی: "دەمانەوێت له‌ كابینه‌ی نوێ و پۆستە وزارییەكان و ئەنجوومەنی وەزیران به‌شدار بین".

سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو و یاوه‌رانی كه‌ له (هێمن هه‌ورامی، دڵشاد شه‌هاب، شه‌عبان شه‌عبان چالی، ئومێد خۆشناو و فرسه‌ت سۆفی) پێكهاتبوون، دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ توركمانییه‌كان، سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كلدۆ سریان ئاشوورییه‌كانیان كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش پرسی پێكھێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان تاووتوێ كرد.

سه‌ره‌تا لەگەڵ هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی کریستیانەکان کۆبووەوە کە لە سێ پارتی سیاسی پێکهاتوون و خاوەنی سێ کورسی پەرلەمانن.

رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی بێت نەهرێن، بە کوردستان24ی راگەیاند: "پێمانوایە دەبێت بەشداریی ئێمە لەم کابینەیەدا جیاواز بێت و داوا دەکەین لە هەموو جوومگه‌ و سەرۆکەیاتییەکان پۆستمان پێ بدرێت".

راشیگەیاند: "ئێمە هەمیشە پشتگیریمان لە حکوومەت هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە بە حکوومەتی خۆمانی دەزانین".

دواتر مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری لە هەولێر کۆبوونەوە.

یونادم یوسف كه‌ننا، سكرتێری پارتی دیموكراتی ئاشووری به‌ كوردستان 24 راگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌كه‌مان زۆر ئیجابی بووه‌ و هه‌رچه‌نده‌ پۆستی وه‌زیرمان به‌رناكه‌وێت، به‌ڵام به‌ پۆستی دیكه‌ به‌شداریی له‌ حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌كه‌ین و پاڵپشتیی حكوومه‌ت ده‌بین".

هه‌ر له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، مه‌سرور بارزانی، لەگەڵ ئەنجوومەنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری کۆبووەوە.

ئه‌ندامێكی به‌شداری گفتوگۆكه‌ بۆ كوردستان 24 ئاشكرایكرد كه‌ پارته‌كه‌یان به‌ وه‌رگرتنی پۆستی ئیداری له‌ پارێزگای دهۆك، به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا ده‌كه‌ن و پێش ئه‌نجامدانی ئه‌م دیداره‌ش هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر كابینه‌ی نوێ هه‌ر ئیجابی بووه‌.

هه‌فته‌ی رابردوو، مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی پارێزگای سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ كۆبووه‌وه‌.