دوو وه‌زاره‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ پێكهاته‌كانی توركمان و سریان یه‌كلاكرانه‌وه‌

"كریستیانه‌كان كاندیدی خۆیان یه‌كلاكرده‌وه‌"

K24 – هه‌ولێر:

سەرچاوەیەك لە ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی، کە له‌ چەند لایەنی کلدان و ئاشوور و سریان پێكهاتوون و گەورەترین کوتلەی كریستیانەكانن به كوردستان 24ی راگەیاند، له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەر ئەو کوتلەیە دەکەوێت.

سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە: "كوتلەكە ئانۆ جەوھەر عه‌بدولمه‌سیح بۆ پۆستی وەزیری گواستنەوە و گەیاندن کاندید دەکەن".

ئەمڕۆ شەممە 22/06/2019، لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ 9 لایەنی تورکمان و بەرەی تورکمانی، مەسرور بارزانی و شاندی یاوەریی، لەگەڵ ھاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی کریستیانەکان کۆبووە و تاوتوێی پێکهێنانی حکوومەتیان کرد.

ئەو هاوپەیمانییە لە سێ پارتی جیاواز پێکهاتووە و لە پەرلەمانی کوردستان، خاوەنی سێ کورسین.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی توركمان، له‌ كابینه‌ی نوێ وه‌زیری هه‌رێمیان پێده‌درێت و به‌و وه‌زیره‌ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا ده‌كه‌ن.

H.J