"ریال مه‌درید گاریس به‌یل هه‌رزانفرۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له كۆڵی بێته‌وه"
"تا گاریس به‌یل نه‌ڕوات ریال مه‌درید ناتوانێت ئه‌م سووپه‌رئه‌ستێره‌یه بگوازێته‌وه"
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گاریس به‌یل بفرۆشێت له‌م پێناوه‌شدا داشكاندنی بۆ نرخه‌كه‌ی كردووه.
رۆژنامه‌ی ABCـی ئیسپانیا، ئاشكرای كردووه ریال مه‌درید ئاماده‌یه به 75 ملیۆن یۆرۆ ده‌ستبه‌رداری گاریس به‌یل بێت، داشكاندنی ئه‌م نرخه‌ش ئه‌ستێره وێڵزییه‌كه‌ی تووشی شۆك كردووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، تا گاریس به‌یل نه‌ڕوات، ریال مه‌درید ناتوانێت گفتووگۆ له‌گه‌ڵ هیچ یاریزانێكی ئه‌ستێره بكات، به‌تایبه‌تی كلیان مباپێ، چونكه ئه‌و یاریزانه له دوای رامۆس خاوه‌نی زۆرترین مووچه‌یه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، جۆناتان بارنێت به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی گاریس به‌یل به‌خێرایی هه‌وڵه‌كانی بۆ دۆزینه‌وه‌ی یانه‌یه‌ك له پرێمه‌رلیگ چڕ كردۆته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ یانه‌كانی مانچێسته‌ر یونایتد و تۆتێنهام چۆته سه‌رهێڵ.
جۆناتان بارنێت له ماوه‌كانی رابردوو له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد بوو كه مانچێسته‌ر یونایتد نزیكترین یانه‌یه له گاریس به‌یل، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه ئاره‌زووی مانه‌وه له ریال مه‌درید ده‌كات.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، گاریس به‌یل و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی له ئێستادا هیچ هیوایه‌كیان بۆ به‌رده‌وامی له ریال مه‌درید نه‌ماوه و له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوو ده‌بێت رۆیشتنتیان له مه‌درید رابگه‌یه‌نن و گوێ له‌و ئۆفه‌رانه بگرن كه پێشكه‌شیان ده‌كرێت.
گاریس به‌یلی ته‌مه‌ن 29 ساڵ، له هاوینی 2013 له یانه‌ی تۆتێنهامه‌وه به به‌های 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ ریال مه‌درید گواسترایه‌وه، له‌وه‌ته‌ی په‌یوه‌ندی به ریزه‌كانی یانه‌ی شایانه كردووه نه‌یتوانیوه ئاستێكی جێگیر پێشكه‌ش بكات و به‌شێكی زۆری كاته‌كانی به پێكان تێپه‌ڕ كردووه، له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له كۆی 231 یاری 102 گۆڵ و 64 ئاسیستی له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان كردووه.