باندێکی تەزویرکردنی ڤیزا دەستگیر کران
فێڵیان لە هاووڵاتیان کردووە
K24 – ههولێر:
لە شاری هەولێر باندێکی تەزویرکردنی ڤیزا دەستگیر کران کە دەیان هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتیان بە فێڵ وەرگرتووە.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " لە ژێر پەردەی کۆمپانیایەکی گەشتووگوزار، ئەو باندە ڤیزای ساختەیان بە هاووڵاتیان فرۆشتووە".
راشیگەیاند: "بۆ هەر ڤیزایەک، باندەکە 15 بۆ 20 هەزار دۆلاریان لە هاووڵاتیان سەندووە، بەبێ ئەوەی پەنجە مۆر و چاوپێکەوتن بکەن، وڵاتێکی دراوسێش تێوەگلاوە".
ئاماژەی بەوەشدا، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، دەست بەسەر چەند ڤیزایەکی ساختەی تورکیادا گیراوە و دواتر لێکۆڵینەوەیان کردووە و چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە.
باندەکە زیاتر هاووڵاتیانی خەڵکی سووریایان کردووەتە ئامانج و پێیان گوتوون کە ڤیزای تورکیایان بە فەرمی بۆ دابین دەکەن، بەڵام ڤیزاکان ساختە بوون.
تاکو ئێستا چەند جارێک نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانیان ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ مامەڵەیەکی وەرگرتنی ڤیزا نەکەن ئەگەر لە رێگای بریکارە فەرمییەکانی ئەو کونسوڵخانانەوە نەبێت.
H.J