نووسەر و شرۆڤهكارى سیاسى عەبدولغەنی عەلی یەحیا کۆچی دوایی کرد
نووسەرێکی کورد کۆچی دوایی کرد
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ شەممە 29/06/2019 عەبدولغەنی عەلی یەحیا، نووسەر و رۆژنامهنووس و شرۆڤهكارى سیاسى، کۆچی دوایی کرد.
کۆدۆ بۆتانی، کوڕی عەبدولغەنی عەلی یەحیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، مامۆستا عەبدولغەنی عەلی یەحیا کۆچی دوایی کردووە.
هەروەها، یەکێتی نووسەرانی کورد/ لقی هەولێر، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ئەو نووسەرە، هاوخەمی خۆیانی دەربڕیووە.
هاوكات مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، پهیامی سهرهخۆشی بهبۆنهی كۆچی دوایی عهبدولغهنی عهلی یهحیا بڵاوكردووهتهوه و تێیدا هاتووه: "هەڤاڵی خوالێخۆشبوو عەبدولغەنی عەلی یەحیا كادیرێكی دێرینی پارتیمان بوو لە بواری راگەیاندندا رۆڵی دیارو بەرچاو بووە و تێكۆشەر و كەسایەتیەكی ناسراوی بواری رۆژنامەنووسیی و شرۆڤەكارێكی لێهاتووی بواری سیاسیش بوو، کە لە رێی وتار و نووسینەكانیەوە خزمەتێكی زۆری كولتور و رۆشنبیریی كوردی كردووە".
ههر به بۆنهی كۆچی دوایی ئهو نووسهر و رۆژنامهنووسه، دهزگای رۆشنبیری و راگهیاندنی پارتی پهیامی هاوخهمی بڵاوكردووهتهوه و دهڵێت: "بە كۆچی دوایی ئەو رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووسە، درزێكی دیكەی دیار و گەورە كەوتە نێو بواری رۆژنامەوانیی و رۆشنبیریی و راگەیاندن و قەڵەمێكی دیكەی لەدەست دا، هیوادارین هاوخەمیی و دڵنەوایی هەڤاڵانی و هاوپیشانی ببێتە مایەی ئاارمیی و سەبووریتان و لە خە م و خەفەتتان كەم بكاتەوە".
عەبدولغەنی عەلی یەحیا لە ساڵی 1943 لە گوندی "گردەپان" سەر بە قەزای ئاکرێ لە دایکبووە و قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری مووسڵ تەواوکردووە.
کار و چالاکی و وێستگەکانی ژیانی نووسەر:
- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (پەیامی ئەیلوول) بووە.
- لە ساڵی 1958 چووەتە ریزی حزبی شیوعی ئێراقی لە شاری مووسڵ.
- لە 01/04/1963 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە كردووە.
- لە دوای گفتوگۆکانی ساڵی 1963-1964ی نێوان سەركردایەتیی شۆڕش و حكوومەتی عێراق، گەڕاوەتەوە (مووسڵ) و دەستی بە چیرۆك نووسین كردووە. چیرۆكەكانی بە زمانی عەرەبی لە ڕۆژنامەكانی: (فتی العراق) و (فتی العرب) و (الثورە العربیە) بڵاو کراونەتەوە.
- لە ساڵی 1964 لە پێشبڕكێیەكی چیرۆك خەڵاتی یەكەمی لە رۆژنامەی (فتی العرب) وەرگرتووە.
- لە ساڵی 1969 وتارێكی لەسەر رۆمانی (المسخ)ی (كافكا) لە گۆڤاری (العلوم)ی لوبنانی كە خاوەنەكەی (منیر بعلبكی) بوو، بڵاوكردۆتەوە.
- لە ساڵی (1970) وەك نووسەر و پەیامنێر لە (التأخی) دامەزراوە، هەر لە هەمان ساڵدا بە رێككەوتننامەیەك لە نێوان شۆڕش و حكوومەتی ئەوکاتدا بە مووچەخۆر لە هەولێر دامەزراوە.
- نزیكەی چوار ساڵ لە ڕۆژنامەی (التأخی) كاری كردووە.
- سێ ساڵ لە گۆڤاری (الثقافە)ی بەغدا كاری كردووە.
- لە ساڵی 1973 بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژی كوردستان (شمس كوردستان).
- لە 1974- 1975 كارمەندی رادیۆی دەنگی كوردستانی ئێراق بووە، بەردەوام وتاری سیاسی بۆ رادیۆكە نووسیووە.
- لە دوای ڕاپەڕین 1991 بۆ ماوەیەك لە رۆژنامهى (كوردستانی نوێ) وههفتهنامهى (الاتحاد) به زمانى عهرهبى و هەروەها له تهلهڤزیۆنى گهلى كوردستان كارى كردووه.
- ماوەیەك سەرنووسەری گۆڤاری (كاروان العرب) بووە.
- لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا وتارەکانی بڵاو كردووەتەوە.
- لە 1998 تا 2008 كارمەندی رادیۆی ئەوروپای ئازاد بووە.
- سێ ساڵ لە (دەنگی ئەمریكا) كاری كردووە.
- لە ساڵی 2004 لە مووسڵ ئەندامی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
- لە 2004 لقی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانی لە مووسڵ دامەزراندووە بۆ زیاتر لە (5) سەرۆكی لقەكە بووە.
- لە ساڵی 2006 رۆژنامەی (الحقیقە)ی لە مووسڵ دەركرد، كە جاران لە شەستەكان لەلایەن خوالێخۆشبوان: مەلا ئەنوەر مائی و جەرجیس فەتحولڵا لە موسڵ دەردەچوو، دوو ساڵ سەرنووسەری بووە.
- لە سەرەتای ساڵی 2008 رۆژنامەی (رایە الموسل) لە شاری مووسڵ دەركردووە، سەرنووسەر و خاوەنی ئیمتیازی بووە.
- ماوەیەك سكرتێری گۆڤاری (رۆژنامەنووس)ی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بووە.
- وتارەکانی زیاتر لە رۆژنامە ئەلكترۆنییەكانی وەك: (صوت العراق، صوت كوردستان، میدل السبت و پلاین، التیار الدیموقراطی العراق، البدیل الدیمقراطی، بأخرە الكرد، عفرین، بنكە، عامودا. بنت، عینكاوا. توم بحزات نت) بڵاوکراونەتەوە.
- لە گۆڤاری (الصحفی) بەردەوام بابەتەکانی بە عەرەبی بڵاو بوونەتەوە.
- لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط) و رۆژنامەكانی دیكەی لەندەن ناوە ناوە بابەتی بڵاو کردووەتەوە.
- ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتیی بووە.
- ئەندامی یەكێتی نووسەرانی کورد بووە.
- کتێبێکی بە زمانی عەرەبی بەناوی قضایا كردستانیە، من مطبوعات دار ئاراس للطباعە والنشر، الطبعە الاولی، اربیل، 2002. (دۆزەکانی کوردستان لە چاپەمەنییەکان، چاپ و بڵاوکردنەوەی دەزگای ئاراس، چاپی یەکەم ساڵی 2002 هەولێر).
H.J