خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان راگەیەندراوێکیان لەبارەی نرخی مریشک بڵاوکردەوە
چەند داوایەک ئاراستەی حکوومەت دەکەن
K24 – ههولێر:
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری سلێمانی داوا دەکەن بڕی پارەی گومرگی لەسەر مریشکی بەستوو زیاد بکرێت و پەرە بە بەرهەمە ناوخۆییەکان بدرێت چونکە خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان بەردەوام لە زیاندان، داواش دەکەن حکوومەت خۆی بەرهەمەکانیان بکڕێت.
بەگوێرەی راگەیندراوێکی کۆمەڵەکە: " توانیومانە بەرھەم ھێنانی مریشکی زیندوو لە ناوخۆدا بەتەواوەتی بازاڕەکانی پێ پڕبکەینەوە و لە خواستی بازاڕ زیاتربێت، بەجۆرێک توانای ھەناردەکردنیشمان ھەبێت".
داواش دەکەن، حکوومەت خۆی بەرهەمەکانیان بکڕێت و دواتر بە شێوەیەکی جێگیر بە هاووڵاتیان بفرۆشرێتەوە.
خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان پێنج خاڵی دیاری دەکەن، بۆ ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پێی هەستن تاکو بەرهەمی ناوخۆ زیاد بکەن و چیدی بە زیان بەرهەمەکانیان نەفرۆشن:
1 - دیاریکردنی نرخ ، حکومەتی ھەرێم لیژنەیەک دروستبکات بڕو تێچوی مریشک دیاریبکات لەبەرھەم ھێناندا پاشان نوسینگەی تایبەت دروستبکرێت و حکومەت خۆی مریشکەکە بکڕێتەوە و دواتر بە فرۆشیارانی بازاڕی بدات و یەک نرخ دیاریبکرێت کە ئەمە باشترین ھاندانە بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان و ھاووڵاتیان.
2 - ڕێگریکردن یان زیادکردنی گومرگ لەسەر بەرھەمی مریشکی بەستوو تا مریشکی زیندوو زیاتر بازاڕی بۆبکرێتەوە.
3 - ھەرزانکردنی عەلەف و ئازادکردنی ھاوردەکردنی لە ووڵاتانەوە بۆئەوەی تێچوی مریشک ھەرزانتر بکەوێت لەسەر خاوەن کێڵگەکان و بەھەرزانیش بگات بەدەست ھاووڵاتیان.
4 - دانانی لیژنەی چاودێری لەسەر ھاوردەکارانی عەلەف و دەرمان.
5 - پشتیوانیکردن و بازارکردنەوە بۆ بەرھەمی ناوخۆی.
H.J