پارتی و یەكێتی دیاركردنی پارێزگاری كەركووك یەكلا دەكەنەوە

بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دانانی پارێزگارێك پارتی و یەكێتی كۆدەبنەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و دانانی پارێزگارێك كۆدەبنەوە.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە كوردستان24ـی راگەیاند "ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دێتە سلێمانی و له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی لەگەڵ یەكێتی كۆدەبێتەوە. ئاماژەی بەوەشكردووە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بریتی دەبێت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و رێككەوتن لەسەر دانانی پارێزگارێك بۆ ئەو شارە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، شاندی پارتی بە سەرۆكایەتی مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دەبێت و شاندی یەكێتیش بە سەرۆكایەتی حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەبێت.

ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بووەتە یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی ئەم دواییەی لایەنە كوردییەكان، ئەو پرسەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەغدا تاوتوێكراوە. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، دۆسیەی رێبوار تاڵەبانی بە تەواوی داخراوە و لەمڕۆوە دەتوانێت وەك سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە فەرمی کارەکانی رایی بکات و داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەویش بکات.

ھ.م