ریكلام شەقام و شوێنە گشتییەكانی سلێمانی دادەپۆشێ

ریكلامی شوێنە گشتییەكانی سلێمانی ھاووڵاتییان نیگەران دەكات

K24 - سلێمانی

شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی، دابەشکراوە بەسەر چوار زۆندا بۆ پێدان و دانانی ریکلامی بازرگانی، بەڵام زۆرێک لەو ریکلامانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوەو بوونەتە جێگه‌ی نیگەرانی زۆرێک لە ھاووڵاتیان و دوای لابردنیان شوێنه‌واری ناشیرین جێدەھێڵن و ھیچ خزمەتێك بە شوێنەکە و شارەکە ناکەن.

زۆرێک لە دانیشتووانی سلێمانی گلەی لەو ھەموو ریكلامە دەكەن كە لە شەقام و شوێنە گشتییەكانی شارەكە بەشێوەیەكی رێكنەخراو دانراون و پێیانوایە جگە لە تێکدانی سیمای شار، بەکارھێنانی ئەو شوێنە گشتیانە ھیچ خزمەتێک  نە بە خەڵك و نە بە باخ و بلوارانەكان دەکات.

خزمەتکردن و ئاودانی باخچە و بلوارەكان لە ئەستۆی شارەوانییە، بەھەمانشێوەش پێدانی ئەو شوێنانە بۆ دانانی تابلۆ و بۆردی گەورەی ریکلامەکان لە لایەن شارەوانییەوە دراوە بە کۆمپانیای تایبەت بەو کارە. بەرێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی دەڵێ "ئەو کرێیەی  وەردەگیرێت لە خاوەن کۆمپانیاکان لە خزمەت ئەو شوێنانە دا خەرج ناکرێتەوە".

نەمام و سەوزایی نێوان شەقامەکان و باخچەکان لە چاوەڕوانی ئاوداندا وشک و زەرد بوونە، لە جێی دارو درەختی گەورە گەشەکردو بۆرد و شیش و پلێتی  ریکلامەکان زیاتر دەردەکەون، شارەوانی سلێمانیش ئەرکی پاراستن و بوژانەوەی ئەو بلوارو باخچانەی بە بەڵێندەران سپاردووە تا لە ئایندەیەکی نزیکدا  ببوژێنەوە.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment