هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زیادکردنی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بە گرنگ دەزانن

هاوپەیمانان هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە بە گرنگ دەزانن

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ دووشەممە 01/07/2019، لە کۆبوونەوە نێوان مه‌سرور بارزانی راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێکی باڵای سەربازی هێزی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی جەنەڕاڵ گرنک ویچ جێگری فەرماندەی فه‌رمانده‌یی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا بەردوامی هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی پێشمەرگە بە گرنگ زانرا.

لە کۆبوونەوەکە، پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتوێ كرا.

مەسرور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵ و کاریگەری هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بەدەستهێنانی دەسکەوتە سەربازییەکان، دووپاتی لە پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و  هاوپەیمانان کردەوە.

لەبەرامبەردا  شاندی باڵای هاوپەیمانان، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگییەکان، هیوای سەرکەوتنیان بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دووپاتیشیان کردەوە، کە بەردەوامی هەماهەنگییەکان رۆڵی خۆی دەبینێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان.

لەپەیوەست بەم بابەتەوە جەخت لەسەر جێگیرکردنی میکانیزمی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان کرایەوە.

H.J