"ئێران رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی له ئاستی رێگه‌پێدراو به‌رزتركردووه‌ته‌وه"
"به‌نیازه رێژه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته 300كگم"
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی دووپاتیكرده‌وه، ئێران رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی له ئاستی رێگه‌پێدراو به گوێره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌رزتر كردووه‌ته‌وه.
ئاژانسی ناوبراو ئاشكرایكرد، ئێران رێژه‌ی یۆرانیۆمی پیتراو له ناوه‌نده‌كانی پیتاندن گه‌یاندووه‌ته 205 كگم، به‌مه‌ش ئاستی رێگه‌پێدراو به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی تێپه‌ڕاندووه، كه رێژه‌كه‌ی به 202،8 كگم دیاریكرابوو.
پێشتریش محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاندبوو، كۆماری ئیسلامی رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمه‌كه‌ی له ناوه‌نده‌كانی پیتاندن گه‌یاندووه‌ته 300 كگم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پلانه‌دایه، كه پێشتر ئێران رایگه‌یاندبوو، چیتر پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نابێت.
زه‌ریف گوتی: رێككاره‌كانی ئه‌وروپا به‌س نین بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه، راشیگه‌یاند، تاران له 7ی ئه‌م مانگه‌ش له به‌شێكی دیكه‌ی پابه‌ندبوونه‌كانی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتیكرده‌وه، بۆ نیشاندانی نیازپاكییان ته‌نیا له ده‌ستپێكه‌كه‌یدا پێویسته ئه‌وروپییه‌كان پابه‌ندی 11 به‌ندی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بن و گوتی: وڵاتانی ئه‌وپا پابه‌ندی هیچ كام له به‌ڵێنه‌كانی نه‌بووه له كڕینی نه‌وتی ئێران.
زه‌ریف روونیكرده‌وه، كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر رێككاره‌كانی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و ئاوی قورس به‌رده‌وام ده‌بێت.
ئه‌مه دوای ئه‌وه‌یه، له 8ی مانگی 5ی ئه‌مساڵ و دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر بڕیاری كشانه‌وه‌ی واشنتن له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، تاران هه‌ڵپه‌ساردنی به‌شێك له پابه‌ندبوونه‌كانی به‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاند و ماوه‌ی 60 رۆژی وه‌ك مۆڵه‌ت بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا دیاریكرد، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ندی رێككه‌وتنه‌كه بن.
H.B