لە گەرمیان پاسكیلی نوێژ خوێنان دەدزرێت

چەند كەسێك دەستگیر كراون

K24 - گەرمیان

لە دەڤەری گەرمیان چەند كەسێك بە تۆمەتی دزینی پاسكیلی نوێژخوێنان لە پێش مزگەوتەكان دەستگیر كران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی چەند جارێک ئاگادارکراینەوە کە لەنێو مزگەوتەکانی گەڕەکی فەرمانبەران و خەباتی قەزای کەلار پاسکیلی نوێژخوێنانی مزگەوتەکەیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە دەدزرێت. دوای چاودێری و بەدواداچوون و سود وەرگرتن لە کامێرای چاودێری، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان دوو تۆمەتبار کە هەستاون بەدزینی پاسکیلەکانیان و ئەوتۆمەتبارەش کە پاسکیلەکانی لێ کڕیون دەستگیر بکات".

ئاماژە بەوەشكراوە: "دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان بە تاوانەکەدا ناوەو بەوتەی خۆیان چەند حاڵەتێکی دزینی پایسکیلیان لەنێو مزگەوتەکانی قەزای کەلار ئەنجامداوە لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی هەرسێ تۆمەتبار بەند کراون".

ھ.م