دوای شكسته‌كه‌یان سكاڵۆنی چی گوت؟

"به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ شایسته‌ی یاریی كۆتایی بووین"

سكاڵۆنی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا دوای شكسته‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌رازیل، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان شایسته‌ی یاریی كۆتایی بوون، ده‌شڵێت: له‌ پێگه‌ و پۆستی خۆم ناترسێم و هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ له‌ من شایسته‌تر هه‌یه‌ ئاماده‌م شوێنه‌كه‌می بۆ چۆل بكه‌م، چونكه‌ ئارجێنتینا له‌ سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان و له‌ راهێنه‌ریش گه‌وره‌تره‌.

لیۆنێل سكاڵۆنی راهێنه‌ری تانگۆ دوای یارییه‌كه‌ له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا گوتی: ئه‌مڕۆ ئارجێنتینا یارییه‌كی زۆر باشی كرد، مێسیش وه‌ك هه‌میشه‌ ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد، ناشمه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر ناوبژیوان بكه‌م، ته‌نیا ده‌ڵێم رۆژێكی نامۆ و سه‌یرمان تێپه‌ڕ كرد.

سكاڵۆنی ده‌شڵێت: هیچ دوودڵ نیم ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌ك شایه‌ن بێت له‌ یاری كۆتایی یاری بكات ئه‌وا ئارجێنتینایه‌، ناشڵێم به‌رازیل خراپه‌، یان ئاستی باش نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ بووین له‌ یاریی كۆتایی بین.

سكاڵۆنی ده‌شڵێت: له‌ خه‌م و ئازاری یاریزانه‌كانم تێده‌گه‌م، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ست به‌دڵته‌نگییه‌كی زۆر ده‌كه‌ن كه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ یاریی كۆتایی.

له‌ یاریی پێشكۆتایی جامی كۆپا ئه‌مریكای 2019، هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌رازیل تووشی شكست بوو.