سووتانی زبڵی سلێمانی ژیانی هاووڵاتیانی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه
سێ رۆژه ئاگر له پاشماوه‌ی زبڵ و خاشاكی شاری سلێمانی له ناوچه‌ی تانجه‌ڕۆ كه‌وتووه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سێ رۆژه ئاگر له پاشماوه‌ی زبڵ و خاشاكی شاری سلێمانی له ناوچه‌ی تانجه‌ڕۆ كه‌وتووه‌ته‌وه و تا ئێستا ئاگره‌كه كۆنترۆڵ نه‌كراوه و دووكه‌ڵی ئاگره‌كه‌ش هاووڵاتیانی ناوچه‌كه‌ی هه‌راسان كردووه.
به‌رپرسی بەشی راگەیاندن لە فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، سوبحان حسێن لەو بارەیەوە بۆ میدیاكان رایگه‌یاندووه، "ئاگرەكە لە نیوەڕۆی سێشه‌ممه‌وه كەوتووەتەوە و گڕو دووكەڵێكی چڕ ئاسمانی ناوچەكەی گرتووەتەوە و ژینگەی ئەو ناوچەیەی بەتەواوەتی پیس كردووە".
گوتیشی: "رۆژانە زیاتر لە هەزار تۆن خۆڵ و خاشاكی سلێمانی دەبرێتە ئەو ناوچەیە فڕێ دەدرێت، بەشی زۆری ئەو زبڵەش پلاستیك و نایلۆن و سووتەمەنی زۆری تێدایە و جگە لە گڕ و دوكەڵەكەی، بۆنێكی ناخۆشی بەو ناوچەیەدا بڵاو كردووەتەوە و سەرچاوەی نەخۆشییە مەترسیدارەكانە بۆ دانیشتووانی تانجەڕۆ و دەوروبەری".
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ژاڵه‌ی نزیك له بازگه‌ی سلێمانی عه‌ربه‌ت، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، ماوه‌ی سێ رۆژه هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچه‌كه ناتوانن له ماڵه‌كانیان بێنه ده‌ره‌وه و چڕه دووكه‌ڵێكی سپی ئاسمانی ناوچه‌كه داپۆشیوه و ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی سینگیان هه‌یه، زیاتر مه‌ترسی رووی تێكردوون.
