گۆڕان لەبارەی پۆستە وەزارییەکانی بڕیاریدا
جڤاتی نیشتیمانیی بڕیاریدا
K24 – سلێمانی:
کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان کۆتایی هات و بڕیاردرا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە سەرپشک بکرێت بۆ یەکلا کردنەوەی پۆستەکان.
ئەمڕۆ هەینی 05/07/2019، جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاردان لەبارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی پۆستە وەزارییەکان کۆبووەوە و چەند میکانیزمێک تاوتوێکرا، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاردا، رێکخەری گشتی ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی کاندیدانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستە وەزارییەکان بەم جۆرەی خوارەوەن:
وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب، هاوار شێخ رەئوف و شوڕش حەميد.
وەزارەتی بازرگانی: داهێن هاشم، كاروان هاشم، چالاك موهەندیس و بەشدار حسێن.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: دانا عەبدولکەریم، هيوا قلياساني و عومەر عينايەت.
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: ئاراس وەلی، چيمەن حەمەڕەشید، هه ژار مەعروف و کوێستان محەمەد.
هەروەها، گۆڕان جێگرێکی سەرۆکی هەرێم و یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری چاکسازیی بەرکەوتووە و دەبێت پێش 11ی ئەم مانگە، ناوی کاندیدەکانیان رادەستی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بکات.
H.J