شێخ جەعفەر: پەکەکە رەچاوی دۆخی هەرێمی کوردستان ناکات
بیانوویان داوەتە تورکیا هێز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت
K24 – ههولێر:
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە رایگەیاند، هێزەکانی پەکەکە رەچاوی یاسا و رێنماییەکانی هەرێمی کوردستانیان نەکردووە و بیانویان بە تورکیا داوە هێرشبکەنە سەر ناوچە سنوورییەکان.
شێخ جەعفەر، کە لە لایەن پارتەکەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم کاندید کراوە، لەبارەی تۆمەتبارکردنی پارتی و یەکێتی بەهاوکریکردنی تورکیا لەلایەن پەکەکەوە گووتی: " ئێمە چیدیکە لە شاخ نین و خاوەنی حکوومەت، پەرلەمان، کیان و سەرۆکایەتیی هەرێمین و دەبێت لەو چوارچێوەیە مامەڵە بکەین. ئەو تۆمەتانەش بە تەواوی رەتدەکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشدا، هێزەکانی پەکەکە رەچاوی ژیانی گوندنشینانی ناوچە سنوورییەکانیان نەکردووە و بیانوویان داوەتە سوپای تورکیا سەدان خەڵک ئاوارە بکەن.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی داهاتووش، شێخ جەعفەر بۆ کوردستان24ی ئاشکرا کرد، یەکێتی کاندیدەکانی یەکلا کردۆتەوە و رادەستی مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت دەکات.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی لەسەر دۆخی کەرکووکیش دوا و گووتی، پارتی و یەکێتی پێکەوە کەرکووک بەڕێوەدەبەن و هەوڵدەدەن یەکڕیزی و یەکێتیی بۆ شاری کەرکووک بگەڕێنەوە.
بەگوێرەی گووتەکانی شێخ جەعفەر و زانیارییەکانی کوردستان24، کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستە وەزارییەکان بەمجۆرە دەبێت:
رێواز فایەق - سەرۆکی پەرلەمان
قوباد تاڵەبانی - جێگری سەرۆکی حکومەت
جەعفەر مستەفا - جێگری سەرۆکی هەرێم
شۆرش ئیسماعیل - وەزیری پێشمەرگە
بێگەرد تاڵەبانی - وەزیری كشتوكاڵ
دەرباز كۆسرەت رەسول - وەزیری پلاندانان
خالید شوانی - وەزیری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
حەمەی حەمەسەعید - وەزیری رۆشنبیری
ئارام حەمەی مینا - خوێندنی باڵا
رەوەند مەلا مەحمود - دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
عوسمان شوانی - دەستەی گەشتوگوزار
ئیسماعیل مەحمود - دەستەی گشتی كاروباری مین
H.J