چەند وەزیرێكی نوێ دەست بەكاربوون
پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەنێوان وەزیرەكان بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ چوار شەممە 17/7/2019، بە راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە پۆستی ھەردوو وەزیری وەزارەتەكانی تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی كرا.
دكتۆر سامان حوسێن بەرزنجی وەك وەزیری تەندروستی دەست بەكاربوو، ھەروەھا دكتۆر رێكەوت حەمەرەشید وەزیری تەندروستی كابینەی ھەشتەم دەستی لەكاركێشایەوە، ھەروەھا كوێستان محەمەد وەك وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەست بەكاربوو. لە كابینەی ھەشتەم محەمەد ھاودیانی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بوو، بەڵام بەھۆی دەست لەكاركێشانەوەی پۆستەكە لەلایەن دكتۆر رێكەوت حەمەرەشید بە وەكالەت بەڕێوەدەبرا.
ھەر ئەمڕۆ ساسان عوسمان عەونی وەك وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان لە شوێنی نەورۆز مەلود، وەزیری شارەوانی لە كابینەی ھەشتەم دەستبەكار بوو. ھاوكات ئانو جەوهەر عەبدولمەسیح عەبدوکا، وەك وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەست بەكار بوو.
پرۆسەکە بە سەرپەرشتی لیژنەیهكى تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی وەزارەتەکان بەڕێوەدەچێت کە پێکهاتبوو لە شەعبان شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی ههرێمی كوردستان و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئهنجوومهنی وهزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.
پێشتریش ئاڵۆگۆڕ لە نێوان وەزیرەكانی ھەر لە یەك لە وەزارەتەكانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کاروباری پێشمەرگە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پەروەردە و کارەبا كراوە.
ھ.م





































