له په‌رله‌مانی كوردستان ئیدانه‌ی كرده‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانه دژی گه‌شتیارانی كورد ده‌كرێت
ئیدانه‌ی كرده‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی توركیای كرد
K24 – هه‌ولێر:
لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی له پەرلەمانی کوردستان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ی كرده‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی توركیای دژ به گه‌شتیارانی كورد كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: وەک لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی پەرلەمانی کوردستان، ئیدانەی هەر جۆرە رەگەزپەرستییەک دەکەین، کە لە لایەن هەندێک لە هاووڵاتیانی تورکیا لە شاری ترابزۆن بەرامبەر بە گەشتیارانی کوردستان کراوە.
هه‌روه‌ها هاتووه: لە هەمان کاتیش‌دا داوا لە دەزگاکانی پولیسی ئەو وڵاتە دەکەین کە دەست بەجێ ئەو گەشتیارانەی کە بەو هۆیەوە گیراون ئازاد بکرێن.
دوێنێ چه‌ند سایتێكی توركیی بڵاویانكرده‌وه، كه گرووپێكی گه‌شتیاری كورد سه‌ردانی چیایه‌كی ناوچه‌ی "چیاكارا"ی شاری "ترابزۆن"ی توركیایان كردووه و یه‌كێك له گه‌شتیاره‌كان ویستبووی به ئاڵای كوردستانه‌وه وێنه بگرێت، به‌ڵام له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك توركه‌وه كرابووه ئامانج و دواتر به‌و هۆیه‌وه 9 گه‌شتیاری كورد ده‌ستگیركرابوون.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، هەر دوێنێ پارێزگاری شاری ترابزۆن لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، نووسینگەی داواكاری گشتی لە "چیاكارا" دەستی كردووە بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو 9 گەشتیارەدا.