ھێزەكانی ئێران 11 شوانی كورد لە حاجی ئۆمەران دەستگیر دەكەن

"نزیكەی 440 سەر مەڕی رەوەندەكانیان بردووە"

K24 - چۆمان

تەیفور محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "ھێزەكانی ئێران 11 شوانی كوردیان لە كوێستانی بەردەسۆرانی سنووری حاجی ئۆمەران دەستگیر كردووە".

فەرزەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران بە كوردستان24ی گوت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەك لە ھێزەكانی ئێران بە قوڵایی چوار كیلۆمەتر ھاتوونەتە ناوخاكی ھەرێمی كوردستان لە ناوچە كوێستانییەكانی حاجی ئۆمەران، نزیكەی 440 سەر مەڕی رەوەندەكانیان بردووە، دواتر شوانەكان لەگەڵ خێزانەكانیان چوونەتە دیوی ئێران بۆ ئەوەی مەڕەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام ھێزەكانی ئێران 11 شوانیان دەستگیر كردووە و ژنەكانیشیان ناردووەتەوە دیوی ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "لە رێگەی ھێزەكانی پاسەوانی سنوور پەیوەندیمان بە ھێزەكانی ئێرانەوە كردووە و ھەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئازادكردنیان، بەڵام تائێستا لەلایەن ئێرانەوە وەڵامان نەدراوەتەوە، بۆ ئەوەی بزانین ھۆكاری دەستگیركردنی شوانەكان چییە".

بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەشدا: "دوای رووداوەكە سەرووی خۆمان ئاگادار كردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی پەیوەندییەكانەوە ھەوڵ بۆ ئازادكردنیان بدرێت".

ھ.م