سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی تورکیا و 7 ئەندامی لیژنەکە دەستگیرکران
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵەوە لەژێر ناوی "دۆسیەی ناوبژیوانان" بەڕێوەدەچێت، فەرهات گوندۆغدو، سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی ناوبژیوانانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەستبەسەرکرا. لە ئۆپەرسیۆنێکی هاوكاتدا لە چوار پارێزگای تورکیا، لەگەڵ گوندۆغدو 7 کەسایەتیی دیکەی دیاری بواری ناوبژیوانی دەستگیرکران، لەوانە فەردی کارادۆرۆک سەرۆکی رێکخراوی ناوبژیوانانی چالاک و یونس یڵدرم ئەندامی پێشووی لیژنەکە. تۆمەتی سەرەکیی سەر دەستگیرکراوان بریتییە لە فشارکردن لەسەر ناوبژیوانان و هاوکات ساختەکردن لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی پەیوەست بە دەستنیشانکردنی ناوبژیوانانی یارییەکاندا.
ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات کە لە ئەیلوولی 2025 سکاڵایەک لەسەر ئەم رەفتارانە تۆمارکرا و بەهۆیەوە داواکاری گشتی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە لە تۆماری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و گەواهی شایەتەکانەوە بەڵگەی پێویست کۆکرایەوە.
لەبارەی باگراوندی فەرهات گوندۆغدو، ناوبراو پێشتریش لە 2021 تا 2022 هەمان پۆستی سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی هەبووە و یەکێک لە سەیرترین بڕیارەکانی مێژووی تۆپی پێی تورکیای دا کاتێک لە 2022دا لەپڕ و لە ناوەڕاستی وەرزدا 13 ناوبژیوانی پلەیەکی وڵاتەکەی لە کارەکانیان دوورخستەوە. هەرچەندە دواتر ئەو بڕیارەی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی وەرزشییەوە هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی، پێش ئەوەی لە تەممووزی 2024دا دووبارە بگەڕێنرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی لیژنەکە.