بڕیاری قەدەغەکردنی "بڵندگۆی کاسبکاران" جێبەجێدەکرێت
لەمڕۆوە دەست بەسەر بڵندگۆکاندا دەگیرێت
K24 – ههولێر:
قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو بڵندگۆیانەی لە لایەن بەشێک لە فرۆشیار و کاسبکارانەوە بەکاردەهێنرێت خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڵندگۆکان بوونەتەوە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان و لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانیش، هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی ئەو بڵندگۆیانەی دەستپێکردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی قایمقامیەتی سلێمانی:
بڕیاری قەدەغەكردنی "بڵندگۆ" كە لەلایەن بەشێك لە فرۆشیار و كاسبكارانەوە بەكاردەهێندرێت و بووەتە هۆی بێزاركردنی هاوڵاتیان چووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەهاوبەشەكان لە چەند شوێنێكی جیای شاری سلێمانی دەستبەسەر بڕێكی زۆر بڵندگۆدا دەگرن ,
پاش ئەوەی قائیمقامی سلێمانی لەسەر سكاڵای هاوڵاتیان بڕیاری قەدەغەكردنی "بڵندگۆ" دا و بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێ كردنەوە , لەچەند رۆژی رابردوودا لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنەكانی چاوێری بازرگانی سلێمانی لە چەند گەڕەك و شوێنێكی جیای شارەكە دەستیان گرت بەسەر بڕێكی زۆر "بڵندگۆ" دا كە لەلایەن بەشێك لە فرۆشیاران و كاسبكاران لەكاتی ساغ كردنەوەی كاڵاكانیان بەكاری دەهێنن.