وهزارهتهكان رێنمایی پێویست بۆ جێبهجێكردنی بڕیارهكانی حكوومهت دهردهكهن
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دووەمین کۆبوونەوەی خۆی ساز کرد و تێیدا رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی کۆبوونەوەی پێشوو دەستنیشانکرا و ئاماژەش بەوەکرا، ماڵپەڕی نوێی حکوومەتیش وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو کراوەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران بە توندی رووداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە رێستورانتێکی هەولێر سەرکۆنە کرد و دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیربکەن. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران هاوخەمیشی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەربڕی.
ئینجا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا و وەزیرەکان سەرنج وتێبینی خۆیان خستەڕوو. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێ و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت. پەیوەست بەمەش بڕیارە وەزارەتەکان رێنمایی تایبەت دەربکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران. هەروەها فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راسپێردرا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکات.
پاشان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق روونکردبووەوه. کە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردوولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کرا وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا هاتووە. ئاماژە بەوەش درا کە ئێستا ماڵپەڕی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ماڵپەڕێکی یەکگرتووی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و پێشکەوتوو کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەدا لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە خزمەتگوزاری گشتی و بەدەستهێنانی بەڵگەنامە وزانیاری پێویست پێشکەشی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات و ببێتە هەنگاوێک بەرەو بە ئەلیکترۆنیکردنی ئیشوکارەکانی حکومەت.
H.J