مەسرور بارزانی: مامۆستا فەرید زامدار نووسەرێکی نیشتمانپەروەری بە هەڵوێست بوو

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی فەرید زامدار دەکات

K24 – هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆی کۆچی دوایی فەرید زامدار، نووسەر و رۆژنامەنووس، پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێ و دۆستانی کۆچکردوو کرد.

لە پرسەنامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە: "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی نووسەر و راگەیەندنکاری ناسراوی کوردستان فەرید زامدار مان بیست".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسە وسەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێ و دۆستانی کۆچکردوو کردووە و لە پرسەنامەکەدا دەڵێت: "مامۆستا فەرید زامدار نووسەرێکی نیشتمانپەروەری بە هەڵوێست بوو. خوای مەزن بە بەهەشتی  شاد بکات و ئارامیی ودڵنەواییش بە کەسوکاری ببەخشێت".

زامدار لە ساڵی 1952 لە شاری هەولێر لەدایک بووە، یەکێک بوو لە رۆژنامەنووسە ناسراوەکانی کوردستان و لە ماوەی ساڵانی 2004 بۆ 2006، سەرۆکی نووسینگەی سلێمانی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی کوردستان بووە.

جگە لە نووسینەکانی، چەندین دیوانی شیعری هەر لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە تاکو ئێستا بە چاپ گەیاندبوو، لەوانەش: هەوری برووسکەی مەبەستێک، ژوانی سێبەر، بێ ناونیشان و چەندینی تر.

له‌ بواری رۆژنامه‌وانیشدا كاری كردووه‌ و ئه‌ندامی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد بوو، چەندین وتار و كاری رۆژنامەوانی لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاو كردووەتەوە، هه‌روه‌ها لە بواری هونه‌ریش، شێوه‌كارێكی لێھاتوو بوو‌.

 H.J