كەسێك بە تۆمەتی كوشتن لە دوكان دەستگیر كرا

"بە فیشەك كەسێكیان كوشتووە"

K24 - سلێمانی

ھێزەكانی پۆلیسی‌ قەزای‌ دوکانی‌ سەر بە بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی، تۆمەتبارێكی دیكەیان دەستگیر كرد، بە گوتەی پۆلیس بەشداربووە لە كوشتنی ھاووڵاتیەك لە گوندی‌ گۆمەزەلی‌ سەر بە ناحیەی بنگرد كە لە 12ی ئەم مانگە بە فیشەك كوژرا.

بەرێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "ئەو تۆمەتبارەی‌ دەستگیرکراوە ناوی‌ (ب، ع، س)ەو کۆتا تۆمەتباری‌ کوشتنی‌ هاووڵاتی‌ (ت،م،م)ە کە لە بەرواری‌ 12ی‌7ی‌2019 لە گوندی‌ گۆمەزەڵی‌ سەر بە ناحییەی‌ بنگرد بەفیشەک کوژرا".

روونكراوەتەوە: "پێشتر لە 2019/7/15، تۆمەتبار (چ، ح،م) خۆی‌ رادەستی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ رزگاری‌ کرد، لە هەمانکاتدا لەلایەن بەشی‌ پۆلیسی‌ دوکانەوە بەهاوکاریی پۆلیسی‌ قەزای‌ ڕانیە توانرا هەرسێ تۆمەتبار (ج، م، ب - م، ب، پ - ص، م، س) دەستگیربکرێن و ژمارەی‌ ئەو تۆمەتبارانەی‌ لەسەر ئەو دۆسییە دەستگیرکراون پێنج تۆمەتبارن".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "تۆمەتباری‌ ناوبراو  بە بڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 406 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدابەردەوامە، لەلایەن بەشی‌ پۆلیسی‌ قەزای‌ دوکانەوە پەڕاوی‌ لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".