به‌رپرسێكی په‌كه‌كه: نابێ به ته‌نیا باشووری كوردستان ئازاد بێت
"ژیانێكی له‌م شێوه‌یه بۆ باشووری كوردستان مه‌حاڵه.. یان هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه ئازاد ده‌بین یانیش كه‌سمان ئازاد نابێت"
K24- هه‌ولێر:
ئەندامێكی دەستەی بەڕێوەبردنی پەكەكە دەڵێت: ئه‌گەر پارچەكانی دیكەی كوردستان ئازاد نەبن، باشووری كوردستانیش ئازاد نابێت.
دوران كالكان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەكەكە بە میدیایەكی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووه، نابێت باشووری كوردستان بڵێت ئێمە ئازاد بووین و پێویستە بە ئارامی بژین و پارچەكانی دیكەی كورستان لێمان دوور بكەونەوە، ژیانێكی لەو شێوەیە مه‌حاڵه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی په‌كه‌كه ئاماژە بەوەش دەدات، ئه‌گەر لە پارچەكانی دیكەی كوردستان كوردایەتی لەناو ببرێت، باشووری كوردستان ئازادیی به‌خۆیه‌وه نابینێت. پێویستە ئازادیی ھەموو پارچەكانی كوردستان بەیەكەوە بێت، یان هه‌موو به یه‌كه‌وه ئازاد ده‌بین، یانیش هیچ پارچه‌یه‌ك به‌ته‌نیا ئازاد نابێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوێنێش بەرپرسێکی باڵای پارتیی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، ستایشی رووداوی تەقەکردن لە رێستۆرانته‌که‌ی شاری هەولێر كرد.
له‌م باره‌یه‌وه باهۆز ئەرداڵ، یەکێك لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە سەبارەت بە هەڵوێستی پەکەکە لە سەر رووداوی تەقەکردن لە رێستۆرانتێکی شاری هەولێر، بە میدیای حزبەکەی رایگەیاند، هەر کەسێك ئەو کارەی کردبێ، دەستخۆشی لێ دەکەین و ماڵیان ئاوا بێ.
دەستخۆشیی و ستایشی ئەو بەرپرسەی پەکەکە لە رووداوی تەقەکردن لە رێستورانتەکەی هەولێر، یەکەم لێدوانی فەرمیی پەکەکەیە لەسەر رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی شاری هه‌ولێر.
هەفتەی رابردوو لە رێستورانتێکی شاری هەولێر تەقە کرا، لە ئەنجامدا 3 کەس گیانیان لە دەست دا، کە یەکێکیان جێگری کونسوڵی گشتی تورکیا بوو لە هەولێر، هەروەها دووی دیكه‌ش هاووڵاتیی سڤیلی هەرێمی کوردستان بوون، دواتر هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان ئەنجامدەرانی هێرشەکەیان دەستگیر کرد.
H.B