مەسرور بارزانی: پێویستە حزبەکان هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن
پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی لە حکومەت دەکات
K24 – ههولێر:
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/7/2019 پێشوازی لە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
شاندی پارتی وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران، هیوای سەرکەوتنيشيان بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواست و ئاماژەیان بەوەدا کە پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتگیریی لە حکومەت دەکات.
سەرۆک وەزیران سوپاسی شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد و گوتی: راستە پارتی لە حکومەتدا زۆرینەیە، بەڵام حکومەت پێویستە حکومەتی هەموو هاووڵاتیان بێت و خزمەتی هەمووان بکات بەبێ جیاوازی. داواشیکرد حزبەکانی کوردستان هاوکار ویارمەتیدەری حکومەت بن.
سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەی بە سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەغدا کە بووە هۆی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێی دەستوور بە شێوەیەک کە ماف وئەرکی هەموو لایەک لەبەرچاو بگیرێت.


