مەسرور بارزانی بۆ میری نوێی ئێزدییەكان: حكوومەت پاڵپشت و یارمەتیدەرتان دەبێت
سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە میری نوێی ئێزدییەكان دەكات
K24 - ھەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە میری نوێی ئێزدییان میر حازم میر تەحسین بەگ دەکات و رایدەگەیەنێت "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وەك ھەمیشە پاڵپشت و یارمەتیدەر دەبێت، هەوڵدەدات خزمەتێکی شایستەتری خوشک و برا ئێزدییەکان بکات و لە ئێش و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە".
بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک میری ئێزدیانی جیهان ، ئەمڕۆ شەممە 27/7/2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە میر حازم میر تەحسین بەگ کرد. لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی حکوومەت هیوای سەرکەوتنی بۆ میری نوێی ئێزدییان خواست و ئاماژەی بەوەدا کە خوشک وبرایانی ئێزدی پێکهاتەیەکی رەسەنی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت و یارمەتیدەریان دەبێت و وەک هەمیشە هەوڵدەدات خزمەتێکی شایستەتری خوشک و برا ئێزدییەکان بکات و لە ئێش و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە .
لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا میر حازم سوپاسی پشتیوانی و پشتگیریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ شهممه 27/7/2019، لە رێوڕەسمێکدا لە پەرستگای لالش میر حازم میر تەحسین بەگ، وەك میری نوێی ئێزدییهكان دەست نیشان كرا.