حکوومەتی هەرێم داوای گێڕانەوەی موڵک و ماڵی حکوومەت لە وەزیرەکانی کابینەی پێشوو دەکات
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
K24 – ههولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکیدا داوا لە وەزیرەکانی کابینەی پێشوو دەکات، تەواوی موڵک و ماڵی حکوومەت بگەڕێننەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانی عەبدولسەتار مەجید، وەزیری پیشووی کشتوکاڵ، کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندندا سەبارەت بە بەخشین و دیاری بۆ وەزیرەکان لێدوانی داوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "ئێمە لە حکومەتی ھەرێم رایدەگەیەنین کە هیچ شتێک بە ناوی دیاری نەبووە و نییە، تەنیا بەخشین هەبووە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پێداچونەوە بە سەرجەم بەخشینەکان دەکات، داواش لە سەرجەم وەزیرە بەڕێزەکانی کابینەی پێشوو دەکات موڵک وماڵی حکومەت لە ئۆتۆمبێل وخانووبەرە و هەر کەولوپەلێکی دیکە بگەڕێننەوە، کە تاکو ئێستا لە ئەستۆیاندا ماوە".
روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
سەبارەت بە لێدوانەکانی بەڕێز عەبدولسەتار مجید وەزیری پیشووی کشتوکاڵ، کە لە هەندێک دەزگای راگەیاندندا سەبارەت بە بەخشین و دیاری بۆ وەزیرەکان لێدوانی داوە، ئێمە لە حکوومەتی ھەرێم رایدەگەێنین کە هیچ شتێک بە ناوی دیاری نەبووە و نییە، تەنیا بەخشین هەبووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پێداچونەوە بە سەرجەم بەخشینەکان دەکات، داواش لە سەرجەم وەزیرە بەڕێزەکانی کابینەی پێشوو دەکات موڵک و ماڵی حکوومەت لە ئۆتۆمبێل وخانووبەرە و هەر کەولوپەلێکی دیکە بگەڕێننەوە، کە تاکو ئێستا لە ئەستۆیاندا ماوە.
جوتیار عادل
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
H.J